ئاشقانه
1
نووسیبووت پێت خۆشه بگه‌ڕێیته‌وه
پێت خۆشه کاتێ که شیعر ده‌هۆنمه‌وه
له لام بی
قسه‌یێکم نییه
ئه‌گه‌ر پێت ئه‌کرێ وه‌ره
شیعر وتن
بۆ من وه‌کوو ئاو خواردنه‌وه‌یه
له بیابان دا
وه‌ره...
2
هه‌ر له ده‌سپێکه‌وه
رێگاکه‌مان لێک جودا بوو
تۆ وه‌کوو شاعیر
ئه‌ویندار بوویت و
من وه‌کوو ئه‌ویندارێک
شیعرم ده‌گوت
هه‌ر دوو ون بووین
من له کۆتایی خه‌ونێک
تۆ له شیعرێکی بێ کۆتایی
3
له چێشته‌نگاوێکی زستانیا هات بۆ ماڵه‌که‌م
به حه‌وت چڵ گوڵی نێرگز و
له‌تێک له ئاسمان
ئیتر شتێکم له‌م ژوانه بیر نه‌ماوه
وه‌ک خه‌ونێکی دوای بێداری
که هیچ شتێکت بیر نامێنێ
چاوه‌کانت ته‌ڕن
به‌ڵام
گیرۆده‌ی ئه‌و خه‌ونه
بێئه‌ختیار پێده‌که‌نی
کاغه‌ز و قه‌ڵه‌م هه‌ڵده‌گری و
ئه‌وه‌ی له یادت چوون
ده‌ینووسی...
شاعیر: واهه ئارمه‌ن
وه: سۆران محه‌مه‌دی
+ نوشته شده در چهارشنبه بیست و نهم دی ۱۳۸۹ ساعت 10:28 توسط سۆران محه‌مه‌دی
|
رووش له شاخه به‌رزه‌کانی ناوچه‌ی سه‌قزه (له داوێنیا له دایک بووم - سۆران محه‌مه‌دی)