سیندرێلا ده ساڵ دوای شوو کردن
سیندرێلا ئه‌و رۆژه چێشته‌نگاو له خه‌و هه‌تسا، قاوه‌ڵتی هه‌موو خێزانی ناوماڵی دا، قاپه‌کانی شۆرد، دوایی ده‌ستی دایه پاک کردنی بڕێ سه‌وزه، بۆ نیوه‌رۆ چێشته‌که‌ی ساز کرد. هه‌موو هاتن و نانیان خوارد، دوایی سیندرێلا هات دیسان هه‌مووی قاپه‌کانی شۆرده‌وه. ئه‌وانیش خه‌وتن. سیندرێلا به گسک و تۆزته‌کێن که‌وته ناو ماڵ، دوایی جله‌کانی شۆرد و له به‌ر هه‌یوان هه‌ڵی خستن. دوایی هه‌موویان هه‌ستانه‌وه و داوای شێویان کرد، سیندرێلا شێویانی دا و دیسانه‌وه قاپه‌کانی شۆرده‌وه.
ئاخری شه‌و که هه‌مدیسان گشتیان خه‌وتبوون، ئه‌و گوێی به هه‌ناسه‌ی هێوری منداڵه‌کان و ده‌نگی پرخه‌ی مێرده‌که‌ی ده‌دا و له روناکی ژووری پشته‌وه خه‌ریکی ئوتوو و ده‌ق کردنی جله‌کان بوو و له مێشکیدا کاره‌کانی رۆژی دوایی له به‌ر خۆیه‌وه ده‌وته‌وه:" ده‌بێ بۆ کچه‌که‌م لیمۆ بکڕم، کچه‌که‌م لیمۆی پێخۆشه، بۆ دۆکوڵیویش هه‌رشته‌مان پێویسته، قه‌ندیشمان ته‌واو بووه، دوو سبه‌ی میوانمان بۆ بێ قه‌ندمان نیه..." دوایی به شوێن په‌ڕه کاغه‌زێکدا گه‌ڕا تا هه‌مووی ئه‌مانه‌ی تیا بنووسێت، ده‌رگای یه‌غانه کۆنه‌که‌ی ئاوه‌ڵا کرد تا به بێ ده‌نگی کاغه‌زێک بدۆزیته‌وه. له ناکاو تاکه که‌وشێکی بچکۆله‌ی بلووری له یغانه‌که که‌وته خوار.
سیندرێلا که‌وشه‌که‌ی هه‌ڵگرت. چاوێکی لێ کرد و نوقمی بیره‌وه‌ری دوور، بزه‌یێک که‌وته سه‌ر لێوی. هیچ شتێک نه‌گۆڕدرا بوو. ئه‌گه‌ر چی ساڵانێکی زۆر به سه‌ر کاتی ده‌سپێکردنی ژیانی هاوبه‌شی یه‌که‌ی له‌گه‌ڵ شازاده‌ی چیرۆکه‌کاندا تێپه‌ڕی بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام سیندرێلا بوو و ده‌بێ هه‌ستی به کامه‌رانی بکردایه.
"سیندرێلا..." ده‌نگی مێرده‌که‌ی له بێده‌نگی شه‌و دا دایچڵه‌کاند. که‌وشه بلووره‌که له ده‌ستی که‌وته خوار و بوو به هه‌زار له‌ته‌وه و له سه‌ر زه‌وی ته‌نیا هاڕیاوێکی سپی به جێ‌ما. وه‌کوو ئاردێک که ئه‌و رۆژه داینابوو تا بۆ منداڵه‌کانی که‌یک ساز بکات.
چیستا یه‌سرێبی وه‌رگه‌ڕاندنی: سۆران محه‌مه‌دی
رووش له شاخه به‌رزه‌کانی ناوچه‌ی سه‌قزه (له داوێنیا له دایک بووم - سۆران محه‌مه‌دی)