چه‌تر
بارانی به‌هاری ئه‌وه‌نده نه‌بوو که شوێنێک بخووسێنێت. زیاتر له چه‌شنێ مژ ده‌چوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده که پێستی روومه‌ت شێ‌دار بکات. کچه‌که هه‌ڵهاته ده‌ره‌وه و چه‌تری به ده‌ستی کوڕه‌که‌وه دیت.
"ئه‌وه باران ده‌بارێ؟"
کوڕه‌که هه‌روا که له به‌رده‌می فرۆشگه ره‌ت ده‌بوو چه‌تره‌که‌ی هه‌ڵدا، هه‌ڵبه‌ت زیاتر بۆ شاردنه‌وه‌ی شه‌رمنییه‌که‌ی تا له ترسی باران.
به سه‌ر هه‌مووی ئه‌مانه‌دا به بێده‌نگی چه‌تری بۆ کچه‌که راگرت، کچه‌که ته‌نیا شانێکی خسته ژێر چه‌تره‌که‌وه، کوڕه‌که خه‌ریک بوو ده‌خووسا، به‌ڵام نه‌یده‌توانی له‌مه زیاتر خۆی به کچه نێزیک بکاته‌وه و لێی بپرسێ " ئایا له‌گه‌ڵ وی دێته ژێر چه‌تره‌که"، کچه‌که هه‌رچه‌ن پێی خۆش بوو ده‌ستی بخاته سه‌ر شانی کوڕه و به ده‌سته‌که‌ی تر‌ی چه‌تره‌که بگرێت به‌ڵام وه‌ها پیشانی ده‌دا که ده‌ڵێی ئاماده‌ی ده‌رچوونه.
دووقۆڵی چوونه ئۆستۆدیۆی وێنه‌گرییه‌وه، ـ باوکی کوڕه به بۆنه‌ی کاره‌که‌یه‌وه له خزمه‌تگوزاییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به زوویی ده‌گوێزرایه‌وه بۆ شارێکی ترـ ئه‌مه ده‌یتوانی ره‌سمێکی یادگاری بێت. وێنه‌گر، به قه‌نه‌فه‌که ئاماژه‌ی کرد: "تکایه له‌و شوێنه پێکه‌وه دانیشن". به‌ڵام کوڕه‌که نه‌یده‌توانی له‌په‌نای کچه‌که دا‌نیشێت، ئه‌و له پشتی کچه‌که‌وه راوه‌ستا و هه‌ر به‌و ده‌سته‌ی که خستبوویه پشتی کورسییه‌که هێنای به سه‌ر باڵاپۆشی کچه‌که‌دا تا جه‌سته‌یان به‌م چه‌شنه په‌یوه‌ست یه‌دکی بێت. یه‌که‌م جار بوو که ده‌ستی ده‌درا له کچه‌که. هاڵاوێک که له جه‌سته‌ی کچه‌که‌وه له سه‌رپه‌نجه‌کانی دا هه‌ستی ده‌کرد رێک له‌و گه‌رمایه ده‌چوو که ئه‌گه‌ر کچه‌که‌ی به رووتی له ئامێز بگرتایه هه‌ست ده‌کرا. کوڕه‌که به شوێن ئه‌وه‌دا، هه‌رکات به‌م ره‌سمه ده‌نواڕی، ئه‌یتوانی یادی گه‌رمای له‌شی کچه‌که بکاته‌وه.
" پێتان خۆشه وێنه‌یێکی دیکه بگرم؟ له پاڵ یه‌کدا دانیشن، وێنه‌یێک له نزیکتره‌وه بگرم"
کوڕه‌که سه‌ری له‌قاند. له گوێچکه‌ی کچه‌که به‌سپایی ووتی: "قژت...؟"
کچه‌که چاوێکی له کوڕه‌که کرد و سوور هه‌ڵگه‌ڕا. چاوه‌کانی له خۆشی‌دا دره‌وشانه‌وه. گورج به‌ره‌و ده‌ست شۆری هه‌ڵات. چه‌ند چرکه پێش، کاتێک کوڕه‌که‌ی دیبوو که له به‌رده‌م فرۆشگه‌که‌وه ره‌ت ده‌بێ، زوو ده‌رپه‌ڕیبوو و وه‌ختی ئه‌وه‌ی نه‌مابوو تا بسکی دابهێنێت. ئێستا بسکی، وه‌کوو بڵێی کڵاوی حه‌مامی له‌سه‌ر داکه‌ندبێت، وه‌ها ئاڵۆزکاو بوو. کچه‌که ئه‌وه‌نده شه‌رمن بوو که ته‌نانه‌ت نه‌یده‌توانی له به‌رده‌م پیاوه‌کاندا ده‌ستێک به سه‌روقژی شێواوی دا بهێنێت، به‌ڵام کوڕه‌که بیری ده‌کرده‌وه ئه‌گه‌ر یه‌ک جاری تر داوای لێ بکات قژی دابهێنێت زیاتر شه‌رمه‌زار ده‌بێت. دڵخۆشی کچه‌که کاتێک به‌ره‌و ده‌ست شۆری هه‌ڵده‌هات دڵی کوڕه‌یشی گه‌رم کرد.
کاتێک کچه‌که گه‌رایه‌وه، له‌سه‌ر کورسییه‌که وا پێکه‌وه دانیشتن که ده‌ڵێی سرووشتی ترین رووداوی جیهانه. کاتێ له ئۆستۆدیۆ چوونه ده‌ره‌وه، کوڕه‌که بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌تره‌که به‌ملاولایدا گه‌ڕا. دوایی زانی کچه‌که زووتر له‌و چه‌تره‌که‌ی هه‌ڵگرتووه و چووه‌ته ده‌ره‌وه. کچه‌که کاتێ زانی کوڕه‌که خه‌ریکه چاوی لێ ده‌کات، له ناکاو بیری که‌وته‌وه چه‌تره‌که‌ی هه‌ڵگرتووه. ته‌زێکی پیا هات. ئایا کاری بێئاگای پیشان ئه‌دات هه‌ست بکات ئه‌ویش، وه‌ک چه‌تره‌که، مڵکی کوڕه‌که‌یه؟
کوڕه‌که نه‌یده‌ویست چه‌تره‌که‌ی لێ بگرێت و کچه‌که‌یش نه‌یده‌توانی چه‌تره‌که‌ی بداته‌وه. ئێستا ئیتر، به چه‌شنگه‌لێک، شه‌قام هه‌ر ئه‌و شه‌قامه نه‌بوو که ئه‌وانی کێشابووه وێنه‌گریه‌که. کچ و کوڕه‌که له ناکاو گه‌وره بووبوون. به‌م رووداوه ـ که له چه‌ترێکه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد ـ ئه‌وان، وه‌کوو بڵێی ژیانی هاوبه‌شیان پێک ناوه، بۆ ماڵه‌وه گه‌رانه‌وه...
نووسه‌ر: یاسۆناری کاواباتا وه: سۆران محه‌مه‌دی